چەند تاکسییەک لەناو شاری سلێمانی. وێنە: 964
لە سلێمانی سێ مانگ مۆڵەت بۆ شۆفێرانی تاکسی دانراوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
تەنیا سێ مانگ ماوە بۆ ئەو وادەیەی دانراوە تاکسیەکانی سلێمانی لۆگۆ وەربگرن و کارگێڕی سەندیکای شۆفێران دەڵێت، وادەکەی نوێ ناکرێتەوە.
بڕیارە تا کۆتایی ساڵ پرۆسەی پێدانی لۆگۆی تاکسی بەردەوام بێت، تا ئێستا زیاتر لە %50ی شۆفێران لۆگۆیان لە تاکسیەکانیان داوە.
ئازاد ئەحمەد کارگێڕی سەندیکای شۆفێران بە 964ی وت، تا سەری ساڵ وادەیان هەیە شۆفێرانی تاکسی لۆگۆ لە ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن، ئەگەر تا ئەو کاتە لۆگۆ وەرنەگرن دواتر کارەکەیان لێ قورس دەبێت، بەو شێوەی ئێستا نامێنێتەوە و وادەکەی نوێ ناکرێتەوە.
بەپێی وتەی کارگێڕی سەندیکای شۆفێران، تا ئێستا 14 هەزار و 350 تاکسی لۆگۆیان وەرگرتووە لەکۆی 27 هەزار و 250 تاکسی، 750 تاکسیش هەیە ژمارەیان هی شارەکانی خوارووی عێراقە و رەنگیان سوور و سپییە لۆگۆ وەرناگرن.
964 زانیویەتی پێشووتر رۆژانە 150 شۆفێر لۆگۆیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا 30 تاکسی دێن بۆ لێدانی تاکسی.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی