بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، جوتیاران رێگەی ملەکەوەی پێنجوێنیان گرتووە. وێنە:964+
هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی عێراق بۆ هەرێم قەدەغە کرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم سەرجەم بازگەکانی بەڕووی ئەو بەرھەمانەدا داخست کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاوردەی کوردستان دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 19.9.2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دوێنێ دووشەممەوە بڕیاریانداوە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی تەماتە، لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێم قەدەغە بکرێت.
لەبارەی هۆکاری داخستنی دەروازەکان، بێگەرد تاڵەبانی بەغدای تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی رۆژمێری کشتوکاڵی نێوانیان نابێت
“لەگەڵ بەغدا رێککەوتین کە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی جوتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، بازاڕەکانی هەرێم ببنە نێوەندی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەوان، هەروەها لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ئێمە بازاڕی ئەوان ببێت بە شوێنی ساغکردنەوە، بەڵام ئەوان پابەند نەبوون”، بێگەرد تاڵەبانی وای وت.
جووتیاران رێگەی ملەکەوەی پێنجوێنیان گرتووە
دەشڵێت، لە رێکەوتی 30.8.2023ـەوە بەغدا دەروازەکانی بەڕووی بەرهەمی هاوردە کردووەتەوە و ئەو بەرهەمانە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و جوتیارانی هەرێم زەرەرمەند دەبن.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم بە نوسراوی فەرمی داوا لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق کردووە کە سنورەکان بە رووی بەرھەمی کشتوکاڵی ھاوردەدا دابخات.