كۆمپانیایەك پشتێنەكەی كەلار تەواو دەكات

+964
میلاد جەلال – كەلار

وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت، كۆمپانیایەك سایدی دووەمی شەقامی پشتێنەی كەلار تەواو دەكات و  لەبەرامبەردا زەوی دەدرێت بە كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون.

كۆمپانیای بناری پیرەمەگرون، جادەی پشتێنەی كەلار تەواو دەكات بە رووناكی و ئاو و قیركردنەوە، لە بەرامبەردا پارچە زەویەكی ٤٠٠ دۆنمی وەردەگرێت، بەو مەرجەی رێستۆرانت و پڕۆژەی گەشتیاری تێدابێت.

پەیجی فەرمیی بەڕێوبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان پۆستێكی كردووە، تێیدا هاتووە، هونەر مه‌حموود بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت، “پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە قەزای کەلار دروست دەکرێت، کە ١٧٥٠ یەکە لەخۆ دەگرێت و لە بەرامبەردا پرۆژه‌ی تەواوکردنی سایدی دووەمی شەقامی پشتێنیەی کەلار بە درێژی ١٣ کیلۆمەترە لە كەلار به‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌درێت.
پرۆژەكە  ٤٠٠ دۆنم زەوی بۆ تەرخان کراوە، کە تێیدا بڕی ١٧٥٠ یەکە دروست دەکرێ و پرۆژه‌ى ‘ده‌روازه‌ى شار’، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ تەنیشت شەقامی پشتێنەیی کەلار، له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكه‌ جێبه‌جی ده‌كرێت.
“له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پرۆژەیەکی نیشتەجێبونیشە لەهەمان کاتدا چەند پرۆژه‌یه‌كی بازرگانى وه‌ك ریستۆرانت و به‌شێكى پرۆژه‌ى گه‌شتیارییش لەخۆدەگرێت”، هونەر مەحموود وای وتووە.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای بناری پیرەمەگرون بە 964+ی وت، “لە ئێستاوە دەستكراوە بە جێبەجێكردنی كارەكانی پڕۆژەكە و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە دەست ده‌كه‌ین بە جێبەجێكردنی تەواو كردنی ئەو ئەركانەی لەسەر شانمانە بۆ تەواوكردنی جادەی پشتێنەی كەلار.
شەقامی پشتێنەیی کەلار درێژییەکەی ١٣ کیلۆمەتر و نیوە، لە گەڕەكی بەردەسورە دەستپێدەكات و نزیك دەبێتەوە لە سموود لە گوندی گردەگۆزینە تەواو دەبێت.
 چاوەڕێ دەکرێت بە تەواوبوونی شەقامەکە قەرەباڵغی ناو شاری کەلار کەم ببێتەوە و ئوتۆمبێلی بارھەڵگر بەناو شاردا تێنەپەڕێت.