سەرچاوەیەکی ئەمنی: لە تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت کوژراو و بریندار هەیە
964+
ژووری هەواڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئاسایشی سلێمانی بە 964ـی وت، لە تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت کوژراو و بریندار هەن، بەڵام دیاری نەکرد ژمارەیان چەندە.
وتیشی، پێشتر هێزەکانی دژەتیرۆر لەو دەوروبەرە مەشقی سەربازییان کردووە، بەڵام جارێ دڵنیا نین ئەم تەقینەوەیە ئەوان بن.
ناحیەی عەربەت بە ئاڕاستەی رۆژهەڵات 23 کیلۆمەتر لەناو شاری سلێمانیەوە دوورە.
ڤیدیۆیەکمان بینیوە تێیدا ئاگر لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بەرزبووەتەوە و شایەتحاڵێکیش بە 964ـی وت، گوێی لە دەنگی بەهێز بووە.
رائید ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئاگادارکراونەتەوە کابینەیەک لەناو فڕۆکەخانەی عەربەت ئاگری گرتووە، ئێستا تیمەکانیان لەوێن و سەرقاڵی کۆنتڕۆلکردنین.
لەو فڕۆکەخانەیەدا ئەکادیمیایەکی ئەهلی هەیە کە ساڵانە دەرچووی پۆلی 12 وەردەگرێت و فێری فڕۆکەوانیان دەکات، 964 پەیوەندی بە بەشی راگەیاندنەکەیانەوە و کرد و وتیان، ئەوان سەلامەتن چونکە خوێندنیان بەیانیانە و شوێنەکەشیان لە تەقینەوەکەوە دوورە.