یەکێک لە پارێزەران لەکاتی تۆماری بایۆمەتری. وێنە:سەندیکای پارێزەران.
"دەبێت پارێزەران خۆیان یەکلایی بکەنەوە"
تۆماری بایۆمەتری بۆ پارێزەران دەکرێت
964+
بەهرە محەمەد ئەمین
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ ئەندامەکانی دەستپێکردووە و هەر پارێزەرێک تۆماری بایۆمەتری نەبێت ناسنامەی پارێزەرایەتی بۆ نوێ ناکرێتەوە.
پرۆسەکە لەلایەن سەندیکای پاریزەرانی کوردستانەوە بە هەماهەنگی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکرێت، لە هەفتەی داهاتوەوە پارێزەران دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
بەختیار حەیدەر سەرۆکی سەندیکای پارێزەران، بە 964ی وت، سەندیکا بە ئامانجی بە تەکنەلۆژییکردنی کارەکانی و نەهێشتنی پارێزەری فەرمانبەر لە کەرتی گشتی کە سەرپێجیەکی یاساییە دەستی بەم هەنگاوە کردووە.
هەر کەسێک ئاشکرا ببێت کە فەرمانبەرەو ئەندامی سەندیکاشە، ئەوا ئەندامێتی لێ دەسەنرێتەوە و رەنگە بدرێتە دادگاش، ناشتوانێت سەندیکا هەڵبژێرێت و واز لە فەرمانبەرایەتیەکەی بهێنێت، سەرۆکی سەندیکا وای وت.
یاسای ژمارە 17 ی ساڵی 1999 قەدەغەیکردووە فەرمانبەری کەرتی گشتی بیت و پارێزەرایەتیش بکەیت، دەبێت یەکیان هەڵبژێری، سەندیکا چەندین ساڵە پاریزەرانی ئاگادر کردوەتەوە کە خۆیان یەکلایی بکەنەوە و هەردوولا نەگرن.
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان نزیکەی دوو ساڵە تۆماری بایۆمەتری بۆ ئەو پارێزەرانەی لە سەندیکای پارێزەرانی عێراق ئەندامن دەستپێکردووە و هەر کەسێک لە کوردستان کار بکات پێویستە تۆماری بایۆمەتری و بەڵگەی بێ تاوانی هەبێت ئینجا سەندیکای پارێزەرانی کوردستان نوسراوی بۆ دەکات تا لە سەندیکای عێراق ناسنامە تازە بکەنەوە.
دەرچوانی بەشی یاسا کە ئەندامی سەندیکای پارێزەران بن بە پارێزەر هەژمار دەکرێن، ئەگەر ئەندامی سەندیکا نەبن تەنیا مافپەروەرن.
سەندیکای پارێزەران ئاگاداری پارێزەران دەکاتەوە، لە رۆژى یەکشەممەوە رێکەوتى 17.9.2023 دەتوانن سەردانى بنکەى تۆمارکردنى بایۆمەتری بکەن لە شارى ئیتاڵى یەک ڤێلاى ژمارە A28 بكەن بەمەبەستى خۆتۆمارکردنیان و وەرگرتنى ژمارەى بێهاوتا
پێداویستییەکانى خۆتۆمارکردن
– کارتى نیشتمانى یاخود ناسنامەى بارى شارستانى و رەگەزنامەى عێراقى.
– ناسنامەى پارێزەرایەتی 2023.