ئەمساڵ لە سۆران ١٨ تۆن خۆراکی خراپبوو لەنێوبراوە
964+
ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران
لە سنووری قەزای سۆران لە ماوەی یەک ساڵدا بڕی ١٨ تۆن خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەردا گیراوە و لەنێوبراوە.
سانع ستار، سەرۆکی لیژنەی ئابووری قەزای سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بڕ و جۆری ئەو کەلوپەل و خۆراکانەی ئاشکرا کرد کە خراپبوون یاخود بێمۆڵەت بوون و لە بەرواری ١/١/٢٠٢٢ تاوەکو ١٩/١٢/٢٠٢٢ دەستیانبەسەردا گیراوە.
بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە، لە ماوەی یەک ساڵدا بڕی ١٨ تۆن خۆراک کە شیاوی خواردن نەبووە لەنێوبراوە و ٦٧ شوێن بەهۆی سەرپێچیەوە داخراون.
“بەشێک لەو مەواد و خۆراکانە بە قاچاغ لەسنورەکان داخڵ کراون، پشکنیان بۆ نەکراوە و بەکوالیتی کۆنتۆڵ تێپەڕنەبوون و بە رێگەی قاچاغ هاوردە کراون،” سانع ستار سەرۆکی لیژنەی ئابووری قەزای سۆران وای وت.
لیژنەکانی قایمقامیەتی سۆران دوو هەزار و ٧٥٠ پشکنینیان ئەنجامداوە و ١٣٣٠ ئاگادارکردنەوەیان کردووە و شەش کەیس بەهۆی سەرپێچی دراون بە دادگا.
بە وتەی سانع ستار سەرۆکی لیژنەی ئابووری قەزای سۆران، ئەو ماددانەی لەنێوبراون خۆراک و ماددەی پاککەرەوە و جوانکاری بوون.