بەهۆی دەوامنەکردنەوە 25 فەرمانبەری دادگای چەمچەماڵ سزادران

 964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دادگای سلێمانی سزای چەند فەرمانبەرێکی دادگاى به‌رایی چه‌مچه‌ماڵى دا و به‌ نه‌هاتوو بۆ ده‌وامى فه‌رمی هه‌ژمارى كردن، پارێزه‌رێكی ئه‌و دادگایه‌ش بڕیارى سزادانه‌كه‌‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌.

بە پێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، کە ئەمڕۆ 13.9.2023 دەرچووە و ئاراستەی دادگای بەرایی چەمچەماڵ کراوە ژمارەیەک فەرمانبەری دادگا به‌ نه‌هاتوو سزادراون.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، هەر فەرمانبەرێک دەوام نەکات بۆ ماوەی سێ رۆژ موچەکەی دەبڕدرێت و بە نەهاتوو “غیاب” هەژمار دەکرێت.

نووسراوەکە واژۆی دادوەر جاسم جەزا جافر، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لەسەرە و لە بەشێکى دیکەیدا هاتووە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە، کە (غایب) دەبن، دەدرێن بە لیژنەی لێکۆڵینەوەى فەرمانبەران.

ژمارەیەک فەرمانگەی دیکە بایکۆتیان راگەیاند

ژمارەیەک فەرمانگەی دیکە بایکۆتیان راگەیاند

گۆران ئه‌سعه‌د، پارێزه‌ر له‌ دادگاى به‌رایی چه‌مچه‌ماڵ بۆ 964 ئه‌و نووسراوه‌ى دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی پشتڕاستكرده‌وه ‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد  ئه‌مڕۆ  ته‌نیا چوار دادوه‌ره‌كه‌ى دادگاى به‌رایی چه‌مچه‌ىماڵ ده‌وامیان كردووه‌.

وتیشی “ته‌واوى فه‌رمانبه‌رانى ئه‌و دادگایه‌ به‌ نه‌هاتوو سزادراون، كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ى 25 فه‌رمانبه‌ره‌”.

نووسراوەکەى دادگا لە کاتێکدایە له‌ به‌شێكی فه‌ر‌مانگه‌كانى هه‌رێمی كوردستاندا به‌هۆى دواكه‌وتنى موچه‌وه‌ بایكۆت راگه‌یه‌ندراوه‌.

بەهۆی دەوامنەکردنەوە 25 فەرمانبەری دادگای چەمچەماڵ سزادران