سه‌رۆكی یانه‌ی ئارارات بۆ 964: به‌شداریی خولی نایابی كوردستان ناكه‌ین

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆكی یانه‌ی ئارارات ئاشكرای كرد، یانه‌كه‌یان به‌ هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ به‌شداریی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان ناكات.

وه‌لید ئه‌نوه‌ر موراد سه‌رۆكی یانه‌ی ئارارات به‌ 964ی راگه‌یاند، “ئه‌مڕۆ ئێواره‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌مان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ كۆی ده‌نگ بڕیارمان دا به‌شداریی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان نه‌كه‌ین”.

وتیشی، قه‌یرانی داراییمان هه‌یه‌ و ناتوانین تیپ ئاماده‌ بكه‌ین، جگه‌ له‌وه‌ 400 ملیۆن دیناریش قه‌رزارین، به‌م شێوه‌یه‌ ناتوانین به‌شداریی خوله‌كه‌ بكه‌ین.

یانه‌ی ئارارات وه‌رزی رابردوو له‌ خولی نایابی كوردستان پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا و نزیك بوو له‌ نازناوه‌كه‌.

یانه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی پیرمامه‌ و نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی گه‌وره‌ی وه‌رزشوانانی قه‌زاكه‌ ده‌كات.