وەزارەتی تەندروستی لەبارەی موچەی فەرمانبەرەکانیەوە روونکردنەوە دەدات
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەوە راست نییە کە رێنمایی فەرمانبەرەکانی کردبێت کی کارد دروست بکەن.
کی کارد کارتێکی ئەلیکترۆنیە و فەرمانبەرانی عێراقی موچەی پێوەردەگرن.
ئەمڕۆ دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، گوایە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رێنمایی داوە بە فەرمانبەرەکانی مامەڵەی کی کارد بکەن.
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتەکە دەنگۆکەی بۆ 964 رەتکردەوە و وتی، لە راستیدا ئەمڕۆ لە هەندێک نەخۆشخانەی هەولێر بە کارمەندەکان وتراوە “هەژماری من” دروست بکەن.
هەژماری من پرۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە و هاوشێوەی کی کاردە، بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا فەرمانبەرەکانی لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیەوە موچە وەربگرن.
حکومەتی هەرێم موچەی مانگی تەمموز و ئابی فەرمانبەرەکانی دابەش نەکردووە، ئەوە بووەتە هۆی بایکۆتکردنی هەندێک لە بنکە تەندروستییەکانی سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور و هەڵەبجە لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی ناوەندیی تۆمەتبار دەکات بەوەی بودجەی بۆ نانێرێت تاوەکو موچە دابەش بکات، لە بەرامبەردا بەغدا دەڵێت، هەرێم پابەند نییە بە رێکەوتنەکانیانەوە.