زیاتر له‌ 30 جۆر گوڵ و گیای قه‌ره‌داغ له‌ جیهاندا بوونیان نیيه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە ناو سروشتى ناوچەت قه‌ره‌داغ ژماره‌یه‌كی زۆرى گوڵ و گژوگیاى جیاواز هه‌ن، له‌ ناویاندا وه‌ك قایمقام ده‌ڵێت، زیاتر له‌ 30 جۆر گوڵ و گیا له‌ قه‌ره‌داغ هه‌یه‌ و له‌ جیهاندا بوونیان نییه‌.

ره‌ئوف كه‌مال قایمقامى قه‌زاى قه‌ره‌داغ به‌ 964ـى راگه‌یاند‌، له‌ ناو سروشتى سنوورى قه‌زاكه‌یاندا 30 بۆ 40 جۆرى گوڵ و گیاى ده‌گمه‌ن هه‌ن، كه‌ ته‌نیا له‌ قه‌ره‌داغ هه‌ن و له‌ هیچ لایه‌كی جیهاندا بوونیان نیيه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئەو، ناو و جۆرى گوڵ و گیاكانى باس نه‌كرد، به‌ڵام پشتی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زانستى بەستووە، كه‌ له‌ زانكۆى ئه‌مریكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدراوه‌.

قایمقامى قه‌ره‌داغ ده‌ڵێت، “ساڵى پار له‌ لایه‌ن تیمێكی تایبه‌ت له‌ مامۆستایانى زانكۆى ئه‌مریكی له‌ سلێمانى و له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى فاونده‌یشنى رووه‌كى كوردستان ته‌واوى ئه‌و گوڵ و گژوگیا تایبه‌تانه‌ى قه‌ره‌داغ تۆمار كراون، له‌ ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێن 30 بۆ 40 جۆر گوڵ و گیاى ده‌گمه‌ن له‌ قه‌ره‌داغ هه‌یه‌ و له‌ جیهاندا نییه‌”.

ئاشكراشی كرد كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و گوڵ و گیا ده‌گمه‌نانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ قۆپی قه‌ره‌داغ.