دوو کۆڵبەر کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستاندا ، بەھۆی ئەشکەنجە و تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران، دوو كۆڵبه‌ر لە ماوه‌ى هه‌فته‌ى رابردوودا کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی ئامارێك كه‌ ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە ناوچە سنوورییەکانی ھەنگەژاڵ و کێلێی بانە و شاری چاڵدرانیش کە دەکەوێتە پارێزگای ورمێ، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران، دوو كۆڵبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و شەش كه‌سیشیان بریندار بوون.

بە پێی زانیارییه‌كانى ئه‌و ماڵپه‌ره‌، رۆژی 2.9.2023 کۆڵبەرێک بە ناوی محەمەد ساڵح شەھناز، تەمەن 29 ساڵ، لە لایەن ھێزەکانی سەر سنووری ئێران لە ناوچەی چاڵدران، بە توندی لێیدراوە و بە سەختی بریندار بووە.

رۆژی 4.9.2023، لە ناوچەی سنووری کێلێی بانە، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی بەھزاد کەریمی بەھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران، بە سەختی بریندار بووە.

رۆژی 5.9.2023، ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری ھەنگەژاڵی بانە، تەقەیان لە گرووپێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی حامید فەرەج پوور، خەڵکی شاری سەقز، گیانى له‌ده‌ستداوه‌ و چوار كۆڵبه‌ریش بە سەختی بریندار بوون.

هەروەها رۆژی 6.9.2023، بەھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووری ھەنگەژاڵ، کۆڵبەریکی خەڵکی گوندی مەنجەڵانی بانە بە ناوی سەڵاح حوسێنی، تەمەن 33 ساڵ، بریندار بووە و دواتر بە مەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز گواستراوەتەوە و گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

ھاوکات بە پێی ئامارێکی هه‌مان ماڵپه‌ر، لە ماوه‌ى شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم 11 کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاجیا لەوانەش تەقەی راستەوخۆ، هەرەسی بەفر، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و تەقینەوەی مین و هۆکاری دیکە، گیانیان لەدەستداوە و 50 کۆڵبەریش بریندار بوون.