لە خۆپیشاندانەکەی شۆریجە شەش کەس لە هێزە ئەمنییەکان بریندارن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ شەوی گەڕەکی شۆریجە شەش ئەفسەر و پۆلیسی هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک بەهۆی ئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان بە بەرد بریندار بوون.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە ژمارەیەک لە دانیشتوانی گەڕەکی شۆریجە و پەنجا عەلی لە بەردەم پەیکەری مامە ریشە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد داواکارییان ئەوەبوو کۆتایی بە عەسکەرتاریەتی و ئازاد کردنی تەواوی خۆپیشاندەرانی گەڕەکی رەحیماوا و شۆراو بهێنرێت.

دواتر هێزە ئەمنیەکان داوایان لە خۆپیشاندەران کرد کۆتایی بە گردبوونەوەکە بهێنن، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان دروست بوو، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک ئەفسەر و پۆلیس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە بەرد بریندار کران.

دکتۆر زیاد خەڵەف جبوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە وەکالەت بە 964ی وت، بەهۆی ئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان چەند خۆپیشاندەرێک هێزە ئەمنێکانیان بەردباران کردووە بە هۆیەوە هەریەک لە لیوا عەبدلرەزاق نعێمی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک بەرد بەر سەری کەوتووە و عەمید مازن غەریب فەرماندەی پۆلیسی فریاکەوتن بەرد بەر سینگی کەوتووە و جگە لەوانە چوار پۆلیسی دیکەش بەسوکی بریندار بون سەرجەمیان  چارەسەریان بۆکراوە نەخۆشخانەیان جێ هێشتووە.

عامر نوری وتەبێژی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە 964ی وت، دوای تێپەڕبوونی حەوت کاتژمێر خۆپیشاندانەکە کۆتای پێهات، هیچ خۆپیشاندەرێک بریندار نەبووە و لە ئێستادا شەقامەکە بەرووی هاوڵاتیاندا کراوەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی