محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
دەستگیرکراوەکانیش ئازادکران
سوودانی فەرمانی بە تەماشاکردنەوەی ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکانی کەرکوک کردووە
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کەرکوک تەماشای سەرجەم ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکان بکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، یەحیا رەسووڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری کەرکوکەوە ئەمەی راگەیاند.
ئەو وتی، بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو گرژیانەی رۆژی 2ـی ئەیلوول شاری کەرکوکی گرتەوە و تەماشاکردنەوەی سەرجەم ڤیدیۆکان بەشێک دەبێت لە ئەرکەکەیان.
دەستگیرکراوەکان ئازادکران
وتیشی، زۆرینەی دەستگیرکراوەکان ئازادکراون و “ئەوەش نیشاندانی نیازپاکی حکومەتی فیدراڵیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان”.
بە قسەی یەحیا رەسووڵ، سەرۆک وەزیران فەرمانیکردووە، هەرکەس و لایەنێک تەقەی لە خۆپیشاندەران کردبێت یان بووبێتە هۆی گیان لەدەستدانیان، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
چۆن روویدا؟
رۆژی 2ـی ئەیلوول بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک لە گەڕەکی رەحیماواوە خۆپیشاندانیان کرد، داوایان کرد ئەو خێمانە لاببرێن کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێک بوو لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كهركوك هەڵیاندابوو.
ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدرابوون رێگە بگرن لە رادهستكردنهوهی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كهركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه پێشتر بارهگای خۆی بووه.
لەو رۆژ و شەوەدا، بەهۆی گرژییەکانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش بریندار بوون.