لە گەرمیان چاکسازی دەکرێتەوە

بەندکراوەکانی گەرمیان لە سلێمانی نامێنن

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

چاکسازی گەورانی گەرمیان لە قەزای کفری دەکرێتەوە، ئەو بینایەشی کە بۆی دابینکرابوو فەرماندەییەکی میحوەری حەمرینی پێشمەرگەی تێدا نیشتەجێبوون و ئەمڕۆ چۆڵکرا بۆ چاکسازیەکە.

بینایەکە لە سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق بۆ گرتوخانە دروستکرابوو، نزیکەی 13 ساڵە ھێزی پێشمەرگەی تێدا نیشتەجێیە.

ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری چاکسازیەکانی کوردستان بە 964ـی وت، “لە چەند رۆژی داھاتوو دەست بە کارکردن و نۆژەنکردنەوەی بیناکە دەکرێت، دەمانەوێت جێگای 500 زیندانی تێدا ببێتەوە، پێش ساڵی نوێ دەمانەوێت ھەموو کارەکانی تەواو بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 400 بۆ 500 سزادراوی گەرمیان لە چاکسازی سلێمانی بەندکراون، دوای تەواوکردنی کارەکانی چاکسازی گەرمیان ھەموویان دەگوازرێنەوە بە ئەم چاکسازیە لە قەزای کفری.