خۆپیشاندەرانی کەرکوک: مافی کوژراوەکانمان دەوێتەوە

964+
ژووری هەواڵ

ئێستا لە کەرکوک خۆپیشاندانە، بەشێک لە خەڵکی گەڕەکی شۆریجە و دەوروبەری لە بەردەم پەیکەری مامەڕیشە گردبوونەتەوە و هوتاف دەکێشن.

یەکێکیان بە 964ـی وت، “داوای حەقی خۆمان دەکەین، حەقی ئەو چوار گەنجەی لێمان کوژرا، ناکرێت هەروا ئاسان تێپەڕێت”.

یەکێکی دیکەیان باسی لەوە کرد، کە داوایان وایە هێزە سەربازییەکان لەو شارە نەمێنن و گەڕەکەکانی رەحیماوا و شۆراو چیتر “بە سەربازگە” نەکرێت.

خۆپیشاندەرەکان بە گشتی دەڵێن، چەند ساڵە لە کەرکوک نەتەوە جیاوازەکان بەبێ گرفتی نەتەوەیی ژیاون و رێگەنادەن ئەو رێڕەوە تێکبچێت.

بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش هاوار دەکەن، “کەرکوک کوردستانیە”.

رۆژی 2ـی ئەیلوول بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک لە گەڕەکی رەحیماواوە خۆپیشاندانیان کرد، داوایان کرد ئەو خێمانە لاببرێن کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێک بوو لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵیاندابوو.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدرابوون رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.

لەو رۆژ و شەوەدا، بەهۆی گرژییەکانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش بریندار بوون.