لە تەقینەوەیەکدا لە کەرکوک نۆ پۆلیسی فیدراڵی کوژران

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

پەیامنێری 964+ رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە نێوان دوو گوندی  ناحیەی ریازی سەر بە قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکوک، بۆمبی چێندراو بە کاروانێکی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا، نۆ پۆلیس کوژراون و دووانی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی فیدراڵی كە نەیویست ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت تایبەت بە 964+ وتی، یەکێک لە کوژراوەکان پلەی رائیدە، رووداوەکە لە نێوان گوندەکانی سەفرە و شەلالات روویداوە.

 بە قسەی ئەو سەرچاوەیە، لە پاش تەقینەوەکە، روبەڕوبوونەوەی چەکداریی لەنێوان هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و ژمارەیەک چەکداری نەناسراو روویداوە، گوایە چەند چەکدارێکیان لێ کوژراوە.

لە ئێستادا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە کێوماڵکردنی ناوچەکە.