سودانی: ئەوانەی له‌ كه‌ركوك هێرشەكانیان ئەنجامداوە سزا ده‌درێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ى له‌ كه‌ركوك هێرشه‌كانیان ئه‌نجامداوه‌، سزاى خۆیان وه‌رده‌گرن.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، كه‌ دره‌نگانى شه‌وى رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی وەزیرانی عێراق له‌ كاتى كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران، تاوتوێی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی پارێزگاى كه‌ركوكى كردووه‌ و دۆخی ناوخۆیی پارێزگاكەش خراوەته‌ڕوو.

سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتیكردەوە، ئەو كەسانەی دەستدرێژیان كردوە و هێرشەكانیان ئەنجامداوە و كاریان بۆ وروژاندنی فیتنە كردووە، بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن.

راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی كەركوك بە هەموو جۆرەكانیانەوە پابەندن بە پاراستنی گیانی خەڵكی پارێزگاكە و مافەكانیان بۆ ژیانێكی شیاو و دەربڕینی بیروڕا،  چێژ وەرگرتن لە ژینگەیەكی سەلامەت و پڕ لە لێبوردەیی و قبوڵكردنی یەكتر ئەمەش نمونەیەكە كە خەڵكی كەركوك جیادەكاتەوە.