دوائاماری كه‌ركوك

چوار كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و 15یش بریندارن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

به‌ پێی دوایین ئاماری رووداوه‌كانی دوێنێ كه‌ركوك، 4 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 15 كه‌سیش بریندارن.

عامر شوانی وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك ئه‌م ئامارانه‌ی بۆ 964 دووپاتكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، قەدەغکردنی هاتوچۆ لە شاری کەرکوک هەڵگیراوە.
ئێستا له‌ كه‌ركوك لە فولکەی ئیخوان تا گەڕەکی گورەگەچاڵ هەمەڕی سەربازی و هێزه‌كانی دژەتیرۆری عێراقی بڵاوەیان پێکراوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فەرمانگە حکومییه‌کان کراوەن و ده‌وام ئاساییه‌.
عامر شوانی ده‌ڵێت، سه‌رجەم بازگەکانی دەرەوەی شار به‌ رووی هاوڵاتیاندا کراوەن و دەوامی فەرمی دامودەزگا حکومییه‌کان هه‌یه‌.
دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ داخستنی به‌شێكی رێگای كه‌ركوك – هه‌ولێر، به‌هۆی خۆپێشاندانی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ به‌رده‌م باره‌گای ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك، كه‌ كێشه‌ و گرفتی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتیان شاره‌كه‌ و به‌ تایبه‌تی گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان دروست كردبوو، دوێنێ ئێواره‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی كورد خۆپێشاندانی هێمنانه‌یان كرد و هه‌وڵیان دا رێگاكه‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ گرژی و ئاڵۆزی لێكه‌وته‌وه‌.
هاوكات دوای فشار و خۆپێشاندانی هاوڵاتیانی کورد، دواجار شه‌وی رابردوو رێگای سەرەکیی نێوان کەركوک – هەولێر، كرایه‌وه‌، ئەو مانگرتووانەشی خێوەتیان هەڵدابوو بۆ داخستنی رێگاکە، شوێنەکانیان چۆڵ کرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا