لە کەرکوک چەند کوژراو و بریندار هەن؟

964+
ژووری هەواڵ

سەرچاوەیەکی تایبەت لە تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا یەک کەس کوژراوە و 12ـی دیکە بریندار بوون.

964 دەزانێت، لەو 12 بریندارە، هەشتیان وەکو کورد خۆیان ناساندووە و چوارەکەی دیکە وەکو عەرەب یان تورکمان.

قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە

لە کەرکوک قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە و هیچ کەسێک ناتوانێت داخڵی ناو شارەکە ببێت، جگە لە هێزی ئەمنی.

عامر نوری شوانی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئێستا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆمان دا و تەنیا بۆ ئەمشەوە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە هێور ببێتەوە، بەڵام هەر حاڵەتێکی نەخوزراو هەبێت درێژ دەکرێتەوە”.

سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامی هەیە

لەلایەکی دیکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد “هەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە” لە کەرکوک دەستگیری بکەن.

کەمێک لەمەوبەر، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، “کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت جگە لە هێزە ئەمنییەکان”.

هەروەها دەشڵێت، قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بەسەر شاری کەرکوک دەسەپێندرێت تاوەکو ئارامبوونەوەی دۆخەکە.

“هێزە ئەمنییەکان رێگە لە هەموو ئەوانە بگرن کە ئاژاوەگێڕن و هەوڵی پشێوی دەدەن”، سوودانی وا وتووە.

کێشەکە لەسەر چی بوو؟

ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامە لە گەڕەکی رەحیماوا و شۆراو و رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکوک، خۆپیشاندەرە کوردەکان داوا دەکەن ئەو خێمانە لاببرێت کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵدراون.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.