هه‌ولێر و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی یه‌كه‌می عێراقن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی یه‌كه‌می خولی باله‌ی نایابی عێراق، یانه‌كانی هه‌ولێر و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كانیان گرت.

یارییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می خولی نایابی باله‌ی یانه‌كانی عێراق كۆتایی هات، كه‌ به‌ به‌شداریی 15 یانه‌ به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ ئه‌نجام درا.

كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م پێكهاتبوو له‌ هه‌شت یانه‌، كه‌ ركابه‌رییه‌كانی له‌ شاری به‌سڕه‌ی باشووری عێراق كرا، تێیدا یانه‌ی هه‌ولێر پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا و 20 خاڵی كۆكرده‌وه‌.

هه‌ولێر 7 یاری ئه‌نجام دا و توانی هه‌موویان بباته‌وه‌، كه‌ دوایارییان ئێواره‌ی هه‌ینی بوو، كاتێك به‌ 3-0 گێم له‌ یانه‌ی مه‌دینه‌ شوهه‌دای برده‌وه‌.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میشدا، كه‌ 7 یانه‌ی له‌خۆگرتووه‌، ركابه‌رییه‌كانی له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئه‌نجامی كۆتاییشدا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی سه‌رووی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرت و 16 خاڵی كۆكرده‌وه‌.

پێشمه‌رگه‌ شه‌ش یاریی ئه‌نجام دا و توانی هه‌موویان بباته‌وه‌ و ئاستێكی باشی پێشكه‌ش كرد، به‌ تایبه‌تی به‌ بوونی یانه‌ی جه‌یش له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌دا، كه‌ پله‌ی دووه‌می به‌ 15 خاڵ به‌ده‌ست هێنا.

سه‌باره‌ت به‌ یارییه‌كانی قۆناغی دووه‌م، ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ 964+ وت: هێشتا به‌ دیاریكراوی كاتی ده‌ستپێكی قۆناغی دووه‌م دیاریی نه‌كراوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت بكه‌وێته‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێ”.

له‌ قۆناغی دووه‌مدا به‌ هه‌مان شێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م، تیپه‌كان له‌ كۆمه‌ڵه‌كانی خۆیان یاریی ده‌كه‌ن، دواتر له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك چوار یانه‌ بۆ قۆناغی “بژارده‌” سه‌رده‌كه‌ون، كه‌ ده‌بن به‌ هه‌شت یانه‌ و به‌ شێوازی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن، بۆ ده‌ستنیشانكردنی پاڵه‌وانی خوله‌كه‌.