ژنێک دوای نەشتەرگەری بە ژەهراویبوونی خوێن گیانی لەدەستدا

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

ژنێک نەشتەرگەری گورچیلەی لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەنجامدا، بەڵام بە هۆی ژەهراوی بوونی خوێنەوە لە نەخۆشخانەیەكی حكومی کەرکوک گیانی لە دەستدا.

سەرچاوەیەكی پزیشكی زانیارییەکانی بۆ 964 پشتڕاست کردەوە و دەڵێت: “ئەو نەخۆشخانەیە ئەمە كاری یەكەمجاریان نییە و فەرمانگەی تەندروستی كەركوكمان لێ ئاگادار كردووەتەوە”.

سەرچاوەیەكی پزیشكی تایبەت لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بە 964ـی و، لە رۆژی 21.8.2023 ژنێکی تەمەن 37 ساڵ بە ناوی (س، غ، د) لە نەخۆشخانەی ئەهلی وەتەن نەشتەرگەری گورچیلەی بۆ كراوە، بەڵام ئەو نەخۆشە تووشی ژەهراوی بوونی خوێن بووە و بەردەوام فشاری خوێنی بۆ خوار پلەی سفر دادەبزی.

وتیشی، رۆژی 23 ئاب داخلی نەخۆشخانەی كەركوكی گشتی كرا، بە هەموو شێوەیەك هەوڵدرا چارەسەر بكرێت بەڵام بێ سوود بوو، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

ئەو سەرچاوەیە رونیکردەوە، ئەمجارە حاڵەتی مردن بووە، بەڵام چەندین جاری دیكە لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەری كراوە سەركەوتوو نەبووە رەوانەی نەخۆشخانەی كەركوكی گشتی كراوە، هەر بۆیە ناچار ئێمە بە نوسراوی فەرمی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك و بەشی پشكنینمان ئاگادار كردووەتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەن لەسەر ئەو کەیسە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی