كه‌مئاوى جوتیارانى ئامێدی ناچاركرد زیاتر كونجی بچێنن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

کەمی رێژەی بارانبارین جوتیارانى ئامێدی ناچاركرد، لە جیاتی برنج، به‌رێژه‌ى زیاتر کونجی بچێنن.

له ‌سنوورى قه‌زاى ئامێدى ساڵانه‌ زیاتر لە هەزار و 200 دۆنم زەوی به‌ به‌رهه‌مه‌كانى کۆنجی و برنج ده‌چێندرێت و سنوورى چاندنى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش كه‌و‌تووه‌ته‌ ناحیەکانی دێرەلۆک و شێلادزێ.

له‌بازاڕه‌كانی دهۆكدا، نرخی هەر کێلۆیەک کونجی خۆماڵى بە پێنج هەزار و برنجیش له‌ نێوان دووهەزار بۆ چوار هەزار دینارە.

هەکار حەمید، بەرێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە964ـی وت، جوتیاران ئەمساڵ زیاتر گرنگییان بە کونجی داوە، بەهۆی کێشەی کەمی ئاو و باران.

وتیشی “ئه‌مساڵ 700 دۆنم کونجی و 530 دۆنمیش برنج له‌سنووره‌كه‌مان چێنراون”.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى ئامێدی، زۆربەی جوتیاران بەرهەمی کونجی دەفرۆشنە کارگه‌كانی تایبه‌ت به‌دروستكردنى ته‌حین.

ئامێدى به‌ ته‌حینه‌كه‌ى به‌ناوبانگه‌، ئه‌مساڵیش ده‌یه‌وێت فێستڤاڵێكی تایبه‌تى بۆ ساز بكات.

964 ده‌زانێت، لە ساڵانی 2021 و 2022 زیاتر لە 200 تۆن کونجی و برنج له‌سنوورى قه‌زاى ئامێدى بەرهەمهاتووە. بەڵام بۆ ئەمساڵ تەنیا قەبارەی به‌رهه‌مى کونجی پێشبینی دەکرێت 150 تۆن تێپەڕێنێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن