بەشێک لە دیمەنی یارییەکە. وێنە:964
پاڵەوانیەتی فێرگەی کچانی کوردستان کۆتایهات
964+
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە یاری کۆتایی فێرگەکانی کوردستاندا کە سەرجەم یارییەکانی ئەم پاڵەوانیەتییە لە هۆڵی ئافرەتانی یانەی هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا فێرگەی تانیا شکستی بە فێرگەی تلسقۆف هێنا و نازناوی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.
لە یارییەکەدا فێرگەی تانیا لە خولەکی 17 لە رێگەی سیدرا حەسەن گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دواتر تلسقۆف لە خولەکی 24 لە رێگەی دانیێلا موئەیەد ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە چووە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە و لەوێدا کچانی تانیا بە ئەنجامی 4 – 3 یارییەکەیان بردەوە و بووە پاڵەوان.
دوای پاڵەوانبوونیشیان تانیا ئەحمەدی راهێنەر بە 964ی وت، خۆم بناغەی ئەم تیپەم داناوە، ماندووبوونم بینیوە بەهۆی ئەوەی کە خۆم سەرپەرشتییان دەکەم و لە هیچ کەس و لایەنێک هاوکاری ناکرێین، سەبارەت بە داهاتووش، جارێ پەلە ناکەم و بڕیارمان نەداوە لە خولی کوردستان بەشداری بکەین یان نا.
لەم پاڵەوانیەتییەدا سیدرا حەسەن لە فێرگەی تانیا بووە باشترین یاریزان، ڤینا دیلمانیش لە هەمان فێرگە هەشت گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکار و فیدا هادی لە فێرگەی تلسقۆف بووە باشترین گۆڵپارێز.
پێداچوونەوە: توانا نەقی