پەروەردەی دەربەندیخان داوای پسپۆڕی “پەروەردەی تایبەت” دەکات

964+

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەربەندیخان، داوای لەو دەرچووانەی پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت کردووە کە دانەمەزراون، سەردانی پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی فۆرم وەربگرن.

هاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە 964ی وت، وەکو رێزێک بۆ منداڵی خاوەن پیداویستی تایبەت بڕیاری وەزارەتی پەروەردەیە کە پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت وەک وانەبێژ دابنرێن بەپێی پێویستی.

بەوتەی هاوار حەمید، دوای ئەوەی فۆرمەکانیان هێنایەوە ریزبەندییان بۆ دەکەین، بەپێی پێویستی دایان دەنێین، ئەو پسپۆڕییە بۆ پۆلەکانی بازنەی یەکەم و دووەمە واتا لە پۆلی یەک تا شەش.

بەگوێرەی ئامارێکی پەروەردەی دەربەندیخان لە سنووری ئەو قەزایە زیاتر لە 200 قوتابی خاوەن پیداویستی تایبەت لە قوتابخانەکان دەخوێنن، بەگوێرەی قسەی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بۆیە ئامارەکانی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیارنین چونکە، هەندێک دایک و باوک لەبەر بابەتی کۆمەڵایەتی نایانەوێت راپۆرتی پزیشکی بهێنن.

هەر وانەبێژێکی پەروەردەی تایبەت ئەگەر ناوی بێتەوە، وەزارەتی پەروەردە مانگانە 400 هەزار دیناری بۆ خەرج دەکات لە رێگەی گەنجینەکانەوە، ئەمە قسەی هاوار حەمید بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بوو.