پڕۆژە زەبەلاحەکەی گەرمیان داهاتی حکومەتی هەرێم زیاد دەکات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پڕۆژەی وەبەرهێنانی تەنیشت رووباری سیروان لە گەرمیان بۆ حکومەت دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات، چونکە تەنیا لە سێ زۆندا ساڵانە ٩ ملیار دینار دەخاتە سەر خەزێنەی گشتی، ئەمە بە پێی زانیارییەکانی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێیی گەرمیان.

964+ بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەو یەکەیە دەزانێت، پڕۆژەکەی سەر رووباری سیروان لەسەر رووبەری دوو هەزار و ٤٠٠ دۆنم زەوی ئەنجام دەدرێت و لە پێنج زۆن پێک دێت و پڕۆژەیەکی گەشتیاری، نیشەتجێبوون و بازرگانی دەبێت.

زریان محەمەد، ئەندامی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێیی گەرمیان بە 964+ـی راگەیاند: پڕۆژەکە هێشتا سێ زۆنی نەخشە و ماستەرپلانی بۆ کراوە و زۆنی دووەمی دراوە بە وەبەرهێن، “بودجەی تەواوی پڕۆژەکە لە یەک ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە.”

بە پێی یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٠٦ـی وەبەرهێنان، لە هەرێمی کوردستان لە کاتی پێدانی زەوییەک بە وەبەرهێن، ١٪ـی پارەی کۆی پڕۆژەکە بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەت دەگەڕێندرێتەوە.

زریان محەمەد دەڵێت، تەنیا لە سێ زۆنی پڕۆژەکەی گەرمیاندا، نۆ ملیار دینار دەچێتە سەر خەزێنەی گشتی و ئەو بڕەش دەبێتە کرێیەکی ساڵانە، کە دەبێت وەبەرهێنەرەکان بیدەنە حکومەت.

پڕۆژەکە ماوەی پێنج ساڵ بۆ تەواوکردنی داندراوە.