بارهەڵگرێکی پڕ گەنمی جوتیاران لە بەردەم سایلۆی هەولێر - وێنە: 964
ئەمڕۆ و سبەی گەنمی ماوەی جوتیارانی قەزای دوکان وەردەگیرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ و سبەی، کۆمپانیایەک گەنمی ماوەی جوتیارانی سنووری قەزای دوکان و ناحیەکانی وەردەگرێت و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی راپەڕین داوا لە جوتیاران دەکات بچن گەنمەکانیان بفرۆشن.
کۆمپانیای قەیوان بە پێی بڕشتی گەنم، کە بۆ هەر دۆنمێک 500 کیلۆیە، گەنم لە جوتیاران وەردەگرێت و لەڤپێشدا بڕی ئەو گەنمە دیاریی دەکرێک، کە رادەستی حکومەتی عێراقی کردووە.
بە پێی شوێنی دانیشتن و ناوتۆمارکردنی پێشوو، لیستێک دروست دەکرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پشدەر و بەشە کشتوکاڵییەکانی بتوێن، سەروچاوە، ژاراوە و سەنگەسەر، کاری جوتیاران رایی دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرایەتی و بەشە کشتوکاڵییانە ئەم زانیارییانەیان لە جوتیاران دەوێت: ناوی سیانی خۆیان، ژمارەی مۆبایل، شوێنی دانیشتنی جوتیارەکە، جۆری گەنمەکە، بڕی چەند گەنمیان رادەستی سایلۆ کردووە و چەند گەنمیان ماوە و رادەستی کۆمپانیای دەکەن.
بڕیار وایە، کۆمپانیای قەیوان گەنمی جوتیاران بە پلەبەندی وەربگرێت و نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک بە 700 هەزار دینار، پلە دوو 675 هەزار دینار و پلە سێ 650 هەزار دینار دیاریی کراوە.