جارێکی دیکە گردبوونەوە

خانەنشینانی کۆمپانیای نەوتی باکوور داوای دامەزرانی کوڕ و کچەکانیان دەکەن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرمانبەرانی خانەنشینی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک، دەستیان بە مانگرتن کردووە و لەبەردەم کۆمپانیاکە خێوەتیان هەڵداوە، داوا دەکەن کوڕ و کچەکانیان دابمەزرێن.

ئەمە جاری سێیەمە خانەنیشینانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ هەمان مەبەست خۆپیشاندان دەکەن، داوایەکی دیکەشیان ئەوەیە ئەو خانووانەی کە کۆمپانیاکە پێیداون، لەسەریان تاپۆ بکرێت.

ساندی یۆخنا، یەکێکە لە مانگرتووان و دانیشتووی خانووەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوورە، هاوسەرەکەی 45 ساڵ لە کۆمپانیاکە فەرمانبەر بووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە و داوایان لێکردووە خانووەکەی چۆڵبکات.

“داواکارین کوڕ و کچەکانمان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دابمەزرێن، بۆئەوەی دەرنەکرێین لە خانووەکان و هەروەها ئەو خانووانە بکرێت بە تاپۆ بە ناوی خۆمانەوە”، ساندی یۆخنا بە 964ـی وت.

سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە 964ـی راگەیاند، “بەشێک لەوانەی لە نێو خانووەکاندان، راستە پێشتر خزمەتیان کردووە، بەڵام هەیانە چەندین ساڵە لە کۆمپانیاکە نەماون و لە توانایاندا هەیە دوو خانووی تاپۆ بکڕن، بەڵام ئامادە نین چۆڵی بکەن”.

ژمارەی ئەو خانووانە 600 خانوو دەبێت و دەکەونە گەڕەکەکانی عەرەفە، ئەلفێن دار، عەرەفەی کۆن، کانتین وعەرەفە موسەیجە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر