یارییە سیانییەکان

پاڵاوتنی گەیشتن بە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بەبێ کورد ئەنجامدرا

+ 964

یادگار محەمەد – سلێمانی

بەبێ بەشداریکردنی هیچ یاریزانێکی کورد، پاڵاوتنی یاریزانانی یارییە سیانییەکان (ترایسلۆن) ئەنجامدرا.
لە شاری نەجەف و بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی یارییە سیانییەکانی عێراق، پاڵاوتنی دەستنیشانکردنی یاریزانان بۆ ریزی هەڵبژاردەکە ئیوارەی دووشەممە بەڕێوەچوو.
سەلام محەمەد راهێنەری هەڵبژاردەی ترایسلۆنی عێراق بە 964ـی وت، بۆ یەکەمجار ئەم پاڵەوانیەتییە بەبێ بەشداریکردنی هیچ یاریزانێکی کورد بەڕێوەچوو.
ئەو راهێنەرە کوردە وتیشی، ئێستا هەشت یاریزانی کوردی ئاستبەرز و لێهاتووی یارییە سیانییەکان بوونیان هەیە، بەڵام بەداخەوە هیچ کەس و لایەنێک ئامادەنەبوون یارمەتی ئەو یاریزانانە بدەن تا بەشداریی پاڵاوتنەکە بکەن.
پاڵاوتنی یارییە سیانییەکان بە بەشداری 40 یاریزانی ئاستی پێشکەوتووان و لاوان و تازەپێگەیشتوان ئەنجامدرا، کە دواجار پێنج یاریزان لە پێشکەوتووان و دوو یاریزان لە لاوان و سێ یاریزانیش لە تازەپێگەیشتووان، گەیشتنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق، کە ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەشداریکردن لە هەردوو پاڵەوانیەتیی یارییە سیانییەکانی رۆژئاوای ئاسیا و جامی ئاسیا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا