لەسەر فرۆشتنی ئامێری قۆپیەكردن

لە سلێمانی و هەولێر پازدە كەس دەستگیر كراون

+964
كوردستان ئەحمەد

لە هەولێر و سلێمانی لە ماوەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12دا 15  كەس لەسەر فرۆشتن و هاندان بۆ بەكارهێنانی ئامێری قۆپیەكردن دەستگیر كراون.

بە پێی ئەو ئامارەنەی لە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی بە 964ی دراون، لە ماوەی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی ئەم وەرزە تا ئەمڕۆ، 15 كەس بە تۆمەتی فرۆشتن و بازرگانیكردن و هاندان بۆ بەكارهێنانی ئامێری قۆپیەكردن دەستگیر كراون.

ئامێرەكان زۆربەیان هێدفۆنی بچوكی بلوتوزین، بەشێكی دیكەیان ئامێری وردی گەیاندنی زانیارین، هێدفۆنەكان هێندە بچوكن ص دەخرێنە ناو گوێوە و لە رێگەی موگناتیزەوە دەردەهێنرێتەوە.

سەلام عەبدوڵا، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی نێوان مانگی پێنج تا مانگی شەش لە سلێمانی، نۆ كەس دەستگیركراون.

دەستگیركراوەكان زۆربەیان لە سۆشیاڵ میدیادا بانگەشەیان كردووە ئامێری قۆپیەكردنیان لەلایە و قوتابیان دەتوانن بە نرخێكی گونجاو بیكڕن .

ئامێرەكان نرخەكانیان لە 150 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 600 دۆلار و زیاتریش، بڕێكی زۆریان لێگیراوە و ئاسایشی سلێمانی كۆنترۆڵی كردوون.

عەقید ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە 964ی وت، لە هەولێر لەسەر فرۆشتنی ئامێری قۆپیەكردن شەش كەس دەستگیركراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.

دەستگیركراوەكان بە یاسای ژمارە چواری ساڵی 1992 بە مادەی 83  كە مادەكە باس لە دزەپێكردن و فرۆشتنی تاقیكردنەوەكان و قۆپیەكردن دەكات دەستگیركراون، بە پێی یاساكەش هەركەسێك تۆمەتەكەی لەسەر یەكلاببێتەوە, زیندانی دەكرێت، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ كەمتر نەبێت.

ئەمە دەقی یاساكەیە

لە سلێمانی و هەولێر پازدە كەس دەستگیر كراون