لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەم بەرەبەیانییە حکومەتى هەرێم راگەیەنراوێکى بڵاو کردەوە
“حکومەتى عێراق تاکلایەنانە نەوت و گازى کەرکوک دەبات”
وریا فەتاح
درەنگانێکى شەوى رابردوو حکومەتى هەرێم راگەیەنراوێکى توندى بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازى کەرکوک ببات.
حکومەتى هەرێم لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت، بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ریفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ـى کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
دەشڵێت: چ پێش ئەم رێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی رابردوودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.
“ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە دەکات”، حکومەتى هەرێم وا دەڵێت.
حکومەتى هەرێم لە راگەیەنراوەکەیدا ئاشکراى کردووە، بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115ـی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاکلایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.
حکومەتى هەرێم باسلەوەش دەکات، مادەی 112، ئاماژە دەداتە حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم، کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن، هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) رێکبکەوێت.
جەختیش کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێکەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریيەکانی خۆی دزیوەتەوە.
بەپێى راگەیەنراوەکەى حکومەتى هەرێم، ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووريی خۆی دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوریيەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.