قایمقام دەڵێت: بەدحاڵیبوون بووە

کێشەی کاسبکارانی سەوزە و میوەی مەخمور چارەسەرکرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

قایمقامی مه‌خمور ده‌ڵێت، ئه‌و رێگرییه‌ى له‌ كاسبكارانى مه‌خمور كرابوو، كه‌ نه‌توانن میوه‌ و سه‌وزه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاورده‌ى مه‌خمور بكه‌ن به‌دحاڵیبوونێك بووە و چاره‌سه‌ركراوە.

دوێنێ 18.6.2023 بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بازگەكانی نەینەوا و لە رێگای بازگەی مەخمور، رێگری لە كاسبكارانی بازاڕی مەخمور كرا كە سەوزە و میوە لە شاری هەولێر بۆ نێو قەزای مەخمور هاوردە بكەن.

رزگار محه‌مه‌د قایمقامی قه‌زاى مه‌خمور به‌ 964ـى راگه‌یاند “ئه‌وه‌ى دوێنێ له‌و بازگه‌یه‌ روویداوه‌، به‌دحاڵیبوونێك بوو، ئه‌مڕۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ كراوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كاسبكارانی مه‌خمور ئه‌وانه‌ى مۆڵه‌تى هێنانى سه‌وزه‌و میوه‌یان له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌، ده‌توانن به‌رده‌وام بن و هیچ رێگریكردنێك له‌به‌رده‌میاندا نه‌ماوه‌.

قایمقامى مه‌خمور روونیكرده‌وه‌، ئه‌و بازگه‌یه‌ى هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى نه‌ینه‌واى لێیه‌، له‌ 11 لایه‌نى جۆراوجۆر پێكهاتوون و وتیشی “به‌دحاڵیبوونه‌كه‌ش له‌ بوونى زۆرى لایه‌نه‌كانى ئه‌و بازگه‌یه‌ روویدا و هه‌ندێكیان به‌وه‌ ئاگادار نه‌بوون كه‌ ئه‌و كاسبكارانه‌ مۆڵه‌تى هێنانى سه‌وزه‌و میوه‌یان له ‌هه‌ولێره‌وه‌ هه‌یه‌”.