تاقانەکانی هەڵەبجە ناڕازین
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
بە هۆی سوودمەند نەبوونیان لە دامەزراندن به‌شێوه‌ی گرێبەست لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تاقانەکانی هه‌ڵەبجە گردبوونەوە.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ژماره‌یه‌ك هەلی کاری راگەیاند و لە ناویشیدا 20 هەلیکار بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بوو، بەڵام به‌هۆى چەند مەرج و رێنماییەک رێگرى لەو کەسوکارانه كرا كه سوودمه‌ندى ئه‌و دامه‌زراندنه بن.
یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ى وه‌زاره‌ت بۆ دامه‌زراندنه‌كه داینابوو، ته‌مه‌نى ئه‌و كه‌سه بوو كه لە 35 ساڵ زیاتر نەبێت و کەسی پلەیەکی شەهیدیش بێت.
ئاراس عابید، تاقانەی هەڵەبجە بە 964ـى وت “ئێمە بە تەواوی ئەو مەرج و رێنماییانە رەتدەکەینەوە چونکە ئێمەى تاقانەی هەڵەبجە بەدەیان شەهیدمان داوە”.
وتیشی “زۆربەمان کەسی پلەیەکمان نەماوە بەپێی ئەو مەرج و رێنماییانە بێت ئێمە شمولی دامەزراندنەکە ناکەین مه‌رجی ته‌مه‌نیش كه دانراوه بۆ زۆربەمان ناگونجێت”.
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بە 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدان و تاقانەکانی هەڵەبجە سوودمەند بن.
وتیشی “هەوڵدەدەین تاقانەکانی هەڵەبجە وەک کەسی پلەیەکی شەهید کاریان بۆ بکرێت و مەرج و رێنماییەکانیان بۆ بگۆڕدرێت”.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، کەسوکاری شەهیدانیش بەهەمان شێوە گرفتیان لە مەرج و رێنماییەکانی وەزارەت هەیە و چاوەڕێن دووبارە چاو بخشێنرێتەوە بەو مەرج و رێنماییانه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن