ژن و منداڵیشیان تێدایە

ئەو 64 کۆچبەرە کوردەی لە دەریای ئیجە گیریانخواردبوو رزگار کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پۆلیسی یۆنان چوو بە هانای ئەو 64 کۆچبەرە کوردەی کە ئەمشەو لە دەریای ئیجە، لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک گیریان خواردبوو.

رۆژنامەنووس و چالاکوان رەنج پشدەری، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، لەنێو پەنابەرە رزگاربووەکاندا ژنی دووگیان و منداڵ ھەیە.

ئەو چالاکوانە، ڤیدیۆی پێش رزگاربوونی کۆچبەرەکانی بڵاوکردووەتەوە و لە ڤیدیۆکەدا دەنگی یەکێک لە کۆچبەرەکان دەبیسترێت کە دەڵێت، “64 کۆچبەرین و یەختەکەمان لەکارکەوتووە”.

رەنج پشدەری دەشڵێت، دوای ئەوەی ھێزەکانی دەریاوانی لە رێگەی ژمارە 112ـەوە ئاگادارکردوەتەوە، بەدەم پەنابەرانەوە چوون و دوای چەندین کاتژمێر تەواوی کۆچبەرە کوردەکان رزگارکران.

“بەپێی زانیاریەکان تەواوی سەرنشینەکان هەموویان سەلامەتن”، رەنج پشدەری وا دەڵێت.

لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 548 هاوڵاتی هەرێم لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و تەرمی 234 کەسیش نەدۆزراوەتەوە، ئەمە بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران.

تەنیا لە ساڵی 2022دا، 17 کەس لە رێگەی کۆچ بۆ هەندەران گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەسیش بێسەروشوێن بوون.

بەپێی زانیاریەكان، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 300 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا، بەڵام زۆرترینیان مافی پەنابەری نایانگرێتەوە.