له‌ رواندز گۆڕ و تابوت بێ به‌رامبه‌ر بۆ مردووه‌كان حازر ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى رواندز كۆمه‌ڵێك گه‌نجى خۆبه‌خش، بۆ هه‌موو مردووێكی شاره‌كه‌یان بێ به‌رامبه‌ر گۆڕ هه‌ڵده‌كه‌نن و تابوت بۆ گۆڕه‌كانیش ئاماده‌ده‌كه‌ن.

له‌ رواندز زیاتر له‌ چوار گۆڕستانى گه‌وره‌ هه‌ن، مێژووى هه‌ریه‌كه‌یان بۆ ساڵانێكی دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د قادر قایمقامی رواندز خۆشحاڵه‌ به‌و نه‌ریته‌ى كه‌ له‌ شاره‌كه‌یدا له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێت، كۆمەڵە گەنجێكی جوان و دڵسۆز كۆنكریتی تابوتی قەبرستانەكانی رواندز بەشێوەی هەرەوەزی دروستدەكە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “ئه‌و گه‌نجانه‌ ساڵانێكی زۆره‌ گۆڕ بۆ مردووه‌كانى رواندز ئاماده‌ ده‌كه‌ن، ئێستاش هیممه‌تیان كردووه‌ و تابوتى گۆڕه‌كانیشیان بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن”.

چیایی محه‌مه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى رواندز، له‌ نزیكه‌وه‌ له‌و كاره‌ خۆبه‌خشی و هه‌ره‌وه‌زییه‌ی گه‌نجه‌ خۆبه‌حشه‌كانى رواندز ئاگادارن. وتیشی “ئێمه‌ هاوكاریانین”.

سه‌رۆكى شاره‌وانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ ئه‌و كاره‌ خۆبه‌خشییه‌ى گه‌نجه‌كان ته‌نیا بۆ ناو رواندز نیه‌، به‌ڵكو بۆ گونده‌كانى سنوورى رواندزیشه‌.