8 ملیۆن بەڵگەنامەن
نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانەکانی داعش ئەرشیف دەکات
964+
كوردستان ئەحمەد
دوای پێنج ساڵ بەسەر کەوتنی رێکخراوی داعش، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرشیفی تاوانەکانی لە عێراق بڵاو دەکاتەوە کە هەشت ملیۆن بەڵگەنامە زیاتر کۆ کراوەتەوە.
رێکخراوی داعش، ساڵی 2014 لە رێگای سوریاوە هاتنە عێراق و یەکەم شار کە داگیریان کرد شاری موسڵ بوو، دواتریش دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند.
رێکخراوەکە ماوەی سێ ساڵ حوکمی موسڵ و ئەنبار و هەندێک ناوچەی تری عێراقی کرد و لە کۆتایی ساڵی 2017 حکومەتی عێراق سەرکەوتنی بەسەرد رێکخراوی داعش راگەیاند.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 14.6.2023، نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەندێکی مەرکەزی بۆ ئەرشیفی تاوانەکانی داعش لە عێراق بکاتەوە، کە دەبێتە ناوەندێکی بەڵگەنامەیی.
کریستیان ریچەر، رواێژکاری تایبەتی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش کە بە (یونیتاد) ناسراوە، دەڵێت: پێنج ساڵ بەسەر لێکۆڵیەنوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق تێدەپەڕێت، بە هاوکاری دەسەڵاتدارانی عێراقی توانراوە ملیۆنان بەڵگەنامە کۆ بکرێتەوە، داعشەکان لەسەر ئەو بەڵگەنامانە دادگایی دەکرێن.
دەشڵێت: سێ شت پێویستن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دادگاییەکە، ئەوانیش دادگایەکی تایبەتمەند، بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو و قبوڵکراو لەبەردەم دادگا و هەروەها چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو بۆ کارەکە.
ئەو تیمەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەوەداوە کە تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەشت ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامەیان لەسەر تاوانەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق کۆکردووەتەوە.
کریستیان ریچەر، رواێژکاری تایبەتی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە هەنگاوی داهاتوو دەکات کە دامەزراندنی سندوقێکە بۆ هەموو تاوانەکانی داعش.
“دوای رێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە رۆژانی داهاتوودا سندوقی ئەرشیفی بەڵگەکان لەناو ئەنجومەنی باڵای دادوەری رادەگەیەنین”. کریستیان ریچەر وادەڵێت.
زیاتر وتیشی “لە داهاتوودا ئەو سندوقی بەڵگەنامەیە رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە دادگاییکردنی تاکەکانی رێکخراوی داعش، ئەوانەی کە تاوانی نێودەوڵەتیان ئەنجامداوە”.