لە مانگێکدا یەک تۆن عەلەف 80 هەزار دینار دابەزیوە

964+

رێژوان مامەقادر

لە ماوەی مانگێکدا یەک تۆن عەلەف لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 80 هەزار دینار دابەزیوە و هۆکارەکەی بۆ زۆری خستنەڕووی بەروبووم و پێگەیشتنی دەغڵودان دەگەڕێتەوە.

ئەو عەلەفەی لە کوردستان هەیە زۆرینەی لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێندرێت و بڕێکی کەمی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، کە خستنەڕوو زیادیکرد خواست کەمدەکات، ئێستا خواستی ئەو شوێنانەی پێویستیان بە عەلەف هەیە لە ئاستی زۆری عەلەفدا نییە.

ئێستا وەرزی دوورینەوەی دەغڵودانە لە هەرێمی کوردستان و بەروبووم زۆرە.

نەوزاد شێخ کامیل نەیشاردەوە کە ئەوە دەبێتە هۆی هەرزانبوونی نرخی مریشک و گۆشتی سووریش.

لەلایەکی دیکە، مەحمودی مامەقالە، جوملەفرۆشی عەلەف لەناو بازاڕی سلێمانی بە 964ی وت، “پێش مانگێک بەرلەئێستا تۆنێک عەلەف بە 955 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 875 هەزار”.

ئەو عەلەففرۆشەش هۆکارەکەی بۆ هاتنی وەرزی گەرما و دوورینەوە گەڕاندەوە.