وەزارەتی ئابووری ئێران: 28٪ـی هەناردەی ئێران بۆ عێراق، نێردراوەتە هەرێم
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
رێژەی 28٪ـی هەناردەی ئێران بۆ عێراق، نێردراوەتە هەرێمی کوردستان و بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ تاران بڕێکی زۆرتر لە خۆراک و شتومەکی بۆمان ناردووە.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی فەرمی ئێران لە زاری محەمەد رەزوانی سەرۆکی گشتی گومرگەکانی ئێران بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو لە هەناردەی ئێران بۆ عێراق، 22٪ـی نێردراوەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە زیادیکردووە بۆ 28٪.
ئەو بەرپرسەی ئێران، کە هاوکات یاریدەدەری وەزیری ئابووریشە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارێزگارانی هاوسنوری ئێران و هەرێمی کوردستان وتویەتی، ئاسانکاری لە سنوورەکان، بە تایبەتی لە دەروازەی تەمەرچین بووەتە هۆی بەرزبووەی رێژەی هەناردە بۆ هەرێمی کوردستان.
“پشکی عێراق لە هەناردەی ئێران 19٪ـە و 10 ملیار دۆلارە و پشکی هەرێمیش 5٪ـی هەناردەی ئێرانە کە رێژەیەکی بەرچاوە”، محەمەد رەزوانی وای وت.
زیاتر وتی، رێژەی بازرگانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دیکە 113 ملیار دۆلارە و بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 11٪ـی زیادیکردووە.