ئەرشیفەکەی هەورامان؛ جاران رەسمێک بە سێ پەنجایی بوو

964+
محەمەد عومەر

حاجی سلێمان رەحیم وێنەگرێکی دانیشتووی ناحیەی خورماڵە لە پارێزگای هەڵەبجە، کە لە ساڵی 1975ـەوە وێنەگرە.

حاجی لەدایکبووی ساڵی 1956ـە و دەڵێت، هەر لە منداڵییەوە دەستڕەنگین بووە و لەسەر تاپلۆ و بەرد نەخش و وێنەی هاوڕێکانی کێشاوە.

“لە ساڵی 1975 یەکەم کامێرام کڕی بە 35 دیناری ئەوکاتە، پاشان وردە وردە دەستمکرد بە کاری وێنەگرتن و هەر وێنەیەکم بە سێ پەنجایی دەگرت”، حاجی سلێمان رەحیم وای بە 964 وت.

حاجی دەڵێت، “جاران کاری وێنەگرتن زۆر خۆشبوو بەڵام ئێستا تامی نەماوە، چونکە هەر کەس دەبینیت مۆبایلێکی لە گیرفاندایە و لە هەرکوێ بیەوێت رەسم دەگرێت”.

حاجی سلێمان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئەرشیفی ناوچەی هەورامانی کۆکردووەتەوە و ئێستا لەگەڵ هاوڕێ دێرینەکانی عەسران بەدەم چاخواردنەوە سەیریان دەکەنەوە و یادی رۆژانی گەنجییان دەکەنەوە.