مامۆستایەکی زمانی کۆری: 400 کەس ناویان بۆ خولی فێربوونی زمانی کۆری نووسیوە
964+
فەهمی نەبی
کچێکی خەڵکی هەولێر مامۆستای زمانی کۆریە و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر فێربوونی زمانی کۆری زۆربووە و ئێستا 400 کەس ناوی خۆیان بۆ خولی فێربوونی ئەو زمانە نووسیوە کە بە خۆڕاییە.
ئاواز عەبدولقەهار، مامۆستای زمانی کۆریە، دەرچووی بەشی ئینگلیزیە لە زانکۆی جیهان، خاوەنی دوو کتێبە لەبارەی زمانی کۆری و یەکێکیانی بەهاوکاری خوشکێکی نووسیوە.
ئەو مامۆستایەی زمانی کۆری ئەمڕۆ دووشەممە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لەسەر ئاستی هەرێم تەنیا من مامۆستای زمانی کۆریم، کچێکی دیکەش لە کۆریا دەخوێنێت، لە هەموو شارەکان خواست لەسەر فێربوونی زمانی کۆری زیادیکردووە”.
ئاواز عەبدولقەهار باسی ئاشنایەتی خۆی بە زمانی کۆری دەکات، بەجۆرێک لە مۆندیالی ساڵی 2002 ئاشنایەتی بە وڵاتی کۆریا بۆ دروست بووە، پێشتر ناوی کۆریای نەبیستبوو، بەوتەی ئەو تا ئەو کاتە تەنیا کتێبێکی وەرگێڕدراو لە عەرەبیەوە هەبووە بۆ زمانی کوردی لەبارەی کۆریا.
ئەو مامۆستایە لەرێگەی چەند کچێک کە بنەچە کۆری بوون و رەگەزنامەی ئەمریکیان هەبووە، فێری زمانی کۆری بووە، دەڵێت، “کتێبێکی زمانی کۆریمان پەیداکرد، یەکێک لە کچە کۆرییەکان رۆژانە وانەی بە من و خوشکێکم دەوت، لەبەرامبەردا ئێمەش ئەومان فێری زمانی کوردی دەکرد”.
ئەو مامۆستایەی زمانی کۆری یەکەم کتێبی لەساڵی 2012 چاپکراوە، ئەو کتێبە بۆ سێجار چاپکراوەتەوە و زیاتر لە سێ هەزار دانەی لێ فرۆشراوە.
لەساڵی 2016، قونسوڵخانەی کۆریا لە هەولێر داوا لە ئاواز دەکات ببێتە مامۆستای فێربوونی زمانی کۆری بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی فێربوونی ئەو زمانەن، خولی بۆ دەیان کەس کردوەتەوە.
ئاواز عەبدولقەهار تا ئێستا دوو جار خولی فێرکردنی زمانی کۆری لە کۆریای باشوور بینیوە، جارێکیان سێ مانگ و جارێکی دیکەیان ساڵێک لەوێ ماوەتەوە.
ئاواز عەبدولقەهار دەڵێت، “ئەو خولەی ئێستا کردومەتەوە ئۆنڵاینە و بەخۆڕاییە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەموو پارێزگاکانی دیکە بتوانن بەشداربن، تا ئێستا هێشتا خولەکە دەستیپێنەکردووە 400 کەس ناوی خۆیان نووسیوە”.
بەپێی قسەی ئەو مامۆستایە زمانی کۆری زۆر دوورە لە زمانی کوردی و هیچ نزیکیەکی نییە، هاوکات زمانێکی قورسە، دەبێت خوێندکار هەوڵی زۆربدات.