وەزارەتی شارەوانی وا دەڵێت

نزیكەی پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی خەرج دەكرێت

+964
كوردستان ئەحمەد

بە گوێرەی فەرمانێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و 644 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی.

بەشێكی زۆر لە پارەكە بۆ بواری رێگەوبان و شەقام لە سلێمانی خەرج دەكرێت و بە هەمووی 14 پڕۆژەی جیاوازە.

گوژمەكە بریتییە لە (4،644،637،500) چوار ملیار و شەشسەد و چلوچوار ملیۆن و شەشسەد و سیوحەوت هەزار و پێنجسەد دینار و لەسەر رێژەی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بۆ جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شارەکە.

پرۆژەكان پێكهاتوون لە بوارەکانی كردنەوەی شەقام و كۆنكرێتكردن، دروستكردن و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامەكان، دابینكردنی قیری شل و سووتەمەنی بۆ کارگەی قیری تانجەڕۆ، لەگەڵ چەند بوارێكی دیکەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەم پڕۆژانە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە و بە وردی لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە چاودێریی دەكرێن.

ئەم زانیارییانە لە پەیجی فەرمیی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارەوە وەرگیراون