پاڵەوانە کوردەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردەی عێراق ئامادە دەکەن

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب دەکات.

بە مەبەستی دەستنیشانکردنی پێکهاتەی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان، پاڵەوانە کوردەکانی شاری سلێمانی ئامادەکارییەکانیان چڕکردووەتەوە.

نزار ئەکرەمی راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی تایبەت بە 964 وتی، لە کۆتایی مانگی ئایار لە شاری بەغدا، قۆناغی پاڵاوتن بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق، لەسەر هەردوو ئاستەکانی کوڕان و کچان دەست پێدەکات.

نزار راشیگەیاند، کچە یاریزانەکانی شاری سلێمانی، کە پێکدێن لە یاریزانانی هەردوو یانەکانی پێشمەرگە و سیروانی نوێ ئامادەکارییەکانیان بەردەوامە، تاوەکو بەژمارەیەکی زۆر سەربکەون بۆ ریزی هەڵبژاردەکە.

لە رۆژانی 26 و 27 ئەم مانگە لەسەر یاریگای جادریە لە شاری بەغدا، قۆناغی پاڵاوتن بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی بەشداریکردنی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب، کە بڕیارە لە رۆژانی 20 بۆ 24 ـی مانگی حوزەیران لە وڵاتی مەغریب رکابەرییەکانی ئەنجام بدرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی