لە مەرزەکان پشکنینیان بۆ ناکرێت
شارەزایەک: خراپی کوالێتی پاتری 33 کێشە بۆ ئۆتۆمبێل دروستدەکات
964+
فەرمان سادق
بەهۆی نەبوونی کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە مەرزەکاندا، ئەو پاتری ئۆتۆمبێلانەی دەهێندرێنە کوردستان 60 ئەمپێر نین کە لەسەر پاترییەکە نووسراوە، بەڵکو نیوە کەمتریشن. شارەزایەکی پاتریش دەڵێت، خراپی کوالێتییەکەیان 33 کێشە بۆ ئۆتۆمبێلەکان دروستدەکات.
لەسەر خراپی کوالێتی پاتری ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بۆ کوردستان و عێراق، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەنجامی بەدواداچوونێکی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو پاتریەی بەناوی 60 ئەمپێرییەوە دێتە کوردستان و عێراق، هیچیان 60 ئەمپێر کارەبا نادەن، بەڵکو بەرزترینی دەگاتە 36 ئەمپێر و کەمترینەکەشی دەگاتە تەنیا نۆ ئەمپێر.
لە بەدواداچوونێکی 964 دەرکەوتووە کە ئەو پاتریانەی لە بازاڕدا بە نرخی 45 بۆ 60 هەزار دینار دەفرۆشرێن و لەسەریان نووسراوە 60 ئەمپێر، لە پشکنیندا 20 بۆ 30 ئەمپێر نیشاندەدات.
بارزان مستەفا ئەمین، دەرچووی بەشی پترۆکیمیای پەیمانگەی تەکنیکی بەغدایە لە ساڵی 1982، بە 964ـی وت، پاترییە تورکییەکان دەگەنە 30 ئەمپێر و ئێرانییەکان لەنێوان 20 بۆ 25 ئەمپێرە.
بارزان مستەفا، وەک خۆی باسی دەکات ماوەی 30 ساڵە دوکانی فرۆشتنی پاتری ئۆتۆمبێلی لە سلێمانی هەیە، ئەوە رەتدەکاتەوە کە لە بازاڕەکانی کوردستان پاتری هەبێت نۆ ئەمپێر بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە 20 بۆ 30 ئەمپێرن، دوکاندارەکان بە گەرەنتی شەش مانگ و بە 60 ئەمپێری دەیفرۆشن.
دەشڵێت: لە مەرزەکان کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری بۆ پاتری نییە و بێ پشکنین داخڵی کوردستان دەکرێن.
لەگەڵ ئەوەدا پاتری کوالێتی بەرزیش لە بازاڕدا هەیە کە 60 ئەمپێری حەقیقی دەدات، بەڵام بارزان مستەفای شارەزای پاتری باس لە خواستی خەڵک بۆ پاتری هەرزان دەکات و دەڵێت: ئەو پاتریانە خواستیان لەسەر زیاترە، کەچی ئەسڵیەکە لەبەر ئەوەی نرخەکەی دەگاتە 125 هەزار دینار کەس نایکڕێت.
وتیشی “ئەسڵییەکە سێ بۆ چوار ساڵ ئیش دەکات، بەڵام تێگەیشتنی خەڵک بۆ هەرزانەکەیە کە بەراورد بە ئەسڵەکە تاوەکو 3 پاتری دەگۆڕێت کە گرانتریش لەسەری دەکەوێت”.
ئەو شارەزایەی پاتری باس لە دیوێکی دیکەی خراپی پاتری کوالێتی نزم و ئەمپێر نزم دەکات لەسەر توانای ئۆتۆمبێل.
بە قسەی بارزان مستەفا بێت، پاتری 20 بۆ 30 ئەمپێری 30 تاوەکو 33 زیان و کێشە لە ئۆتۆمبێل دروستدەکات، لەوانە کێشە بۆ فیول پەمپ، نۆزڵ و پلاکیش دروستدەکات.
سۆران عومەر لە بەدواداچوونەکەی ناوی نۆ جۆر پاتری بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەن (GLOBAL.AL ,POWER, DOURNA, MOBIS, SABA BATTERY, UTOLITE SANFOX, DODGE, MEGA TEK).
ئەو دەڵێت: لە پێشکەوتووترین تاقیگە لە 14.3.2023 پشکنینەکان کراون، لەگەڵ ئەوەی بڕی ئەمپێرەکەیان دروست نییە، ئەوا کێشی هەر پاترییەک بەپێی ستاندارد دوو بۆ سێ کیلۆ کەمترە.