دهۆك.. کۆڵانەکانی گەڕەكی بەڕۆشكێ كۆنكرێت كران

964+
كوردستان ئەحمەد

لەسەر داهاتی شارەوانی دهۆك گەڕەكی بەڕۆشكێ قیرتاو كرا و چەند كۆڵانێكیش ئاوەڕۆیان بۆدروست كرا و كۆنكرێت كران.

گەڕەكی بەڕۆشكێ یەكێكە لە گەڕەكە گەورەكانی دهۆك، زیاتر لە سی كۆڵانی هەیە، دەكەوێتە بەشی سەرەوەی پارێزگای دهۆك و یەكێكە لە گەڕەكە جەنجاڵەكانی شارەكە، ئەم گەڕەكە بە تەواوەتی پاككرایەوە لە تاسە و چاڵ سەرلەنوێ قیركرایەوە.

چەند كۆڵانێكیش لە گەڕەكەكە ئاوەڕۆیان نەبوو، بۆیان دروستكرا و پاش تەواوبونی كۆنكرێت كران  و لە چەند شوێنێكش  تاسە دروست كرا، بۆ ئەوەی شۆفێرەكان بە خێرایی بەسەر ئەو شەقامانەدا نەڕۆن، كە تازە قیر و كۆنكرێت كراون.

وێڕای ئەو پرۆژەیە، ئێستا ژمارەیەک پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

گوژمەی پڕۆژەكە لە نزیكەی حەفتا ملیۆن دینارە و بە شێوەی قیست پارەكە بۆ گەڕەكەكە دابینكراوە.

ئەم زانیارییانە لە سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك لە بەشی پڕۆژەكان، وەرگیراون.