چاودێریی دانانی شۆڤاژ دەکرێت

لە سلێمانی رێکاری توند بەرامبەر دانانی شۆڤاژ دەگیرێتەبەر

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

قائیمقامییەتی سلێمانی چاودێریی ورد دەخاتە سەر دانانی سیستمی شۆڤاژ و رێنمایی پێویست بۆ چۆنێتیی دانانی بە شێوەیەکی سەلامەت ئامادە دەکات.

بریارەکە دوای رووداوێک بوو، کە ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو ماڵێک لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی بەهۆی لێچوون لە سیستمی شۆڤاژەکەیانەوە تەقییەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٥ کەس و برینداربوونی ١٢ی تر.

964 لە رێگەی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە دەزانێت، ٨ کۆمپانیای فەرمی لە سلێمانی کاری دانانی شۆڤاژ و تانکی غازی LPG دەکەن و بە پێی زانیارییەکانی ئەوان شوێنی تریش هەن بە نافەرمی کارەکە دەکەن.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند: دانانی شۆڤاژ دەخەینە ژێر چاودێرییەوە لە رێگەی لیژنەیەکیشەوە رێنمایی پێویست بۆ شێوازی دانانی بە شێوەی سەلامەت دەردەکرێت.

رێنماییە نوێیەکان پەیوەست دەبێ بەمۆڵەتی کۆمپانیاکان و کوالێتی ئەو کەرەستانەی بەکاردێن و شێوازی دانانی سیستەمەکەو پشکنینی بەردەوام بۆ دڵنیابوون لەدزەنەکردنی غاز.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش بە هەمان شێوە رێکاری پێویست دەگرێتەبەر.

“یاداشتمان داوەتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنەکەدا ئەو پرسە تاووتوێ بکرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان”، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وای بە +964 وت.