پێنج رۆژه‌ مه‌خمور و گوێڕ بێ ئاوى خواردنه‌وه‌ن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى پێنج رۆژه‌ سنوورى قه‌زاى مه‌خمور، رووبه‌رووى كێشه‌ى نه‌بوونى ئاوى خواردنه‌وه‌ بووەته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی لێڵبوونی ئاوى زێی گه‌وره‌یه‌، قایمقامیش ده‌ڵێت “كێشه‌كه‌ ته‌نیا له ‌مه‌خمور و گوێر ماوه‌ و مه‌لاقه‌ره‌ و دیبەگه‌ و قه‌راج چاره‌سه‌ر كراون”.

به‌هۆى ئه‌و بارانه‌ى زۆره‌ى، كه‌ پێنج رۆژ له‌مه‌وبه‌ر رووى له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كرد، قه‌زاى مه‌خمور له‌گه‌ڵ پێنج له‌ ناحیه‌كانى گوێڕ، مەلاقەرە، دیبەگە، مەخمور، قەراج تووشی گرفتى كه‌مئاوى بوون و تا ئێستاش كێشه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌.

زێی گه‌وره‌ سه‌رچاوه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى قه‌زاى مه‌خمور و ناحیه‌كانیه‌تى، به‌هۆى لێڵبوونى ئاوه‌كه‌یه‌وه‌، پڕۆژه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌شیان وه‌ستاوه ‌و بێ ئاوى خواردنه‌وه‌ن.

رزگار محه‌مه‌د قایمقامی قه‌زاى مه‌خمور به‌ 964ـى راگه‌یاند “ته‌نیا كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ ناوه‌ندی مه‌خمور و ناحیه‌ى گوێڕ ماوه‌، ئه‌وانى دیکە چاره‌سه‌ر كراون”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، پێشتر هاوڵاتیانیان له‌ ئه‌گه‌رى لێڵبوونی ئاوى زێى گه‌وره‌ به‌ هۆى بارانه‌وه‌، ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێیان وتوون “ده‌ست به‌ ئاو بگرن”.

رزگار محه‌مه‌د، ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌  تا زێى گه‌وره‌ روون نه‌بێته‌وه‌، كێشه‌ى ئاویان به‌رده‌وام ده‌بێت.

قەزای مەخموور له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌یدا 30 گوند هه‌یه‌، ژماره‌ی دانیشتوانی ناوه‌ندى قه‌زاكه‌ش 38 هه‌زار و 486 که‌سه‌، ناحیه‌ى گوێریش سەر بە قەزای مەخمورە و لە 51 گوند پێکهاتووە و ژماره‌ى دانیشتوانی 44 هەزار کەسه‌.