دەربەندیخان ترسی هەیە لە دروستکردنی شێڵتەر بۆ سەگی بێلانە

964+

فەهمی نەبی

لە روونکردنەوەیەکدا قایمقامییەتی دەبەندیخان ترسی خۆیان دەخەنەڕوو لە دروستکردنی شێڵتەر لە قەزاکە و دەڵێن، لە ئەگەری دروستکردنی پەناگەیەک، ناوچەکەیان دەبێتە شوێنی کۆبونەوەی سەگی ناوچەکە و ئەو سەگانە نەخۆشی بڵاودەکەنەوە.

بەپێی رونکردنەوەکەی قایمقامییەتی دەربەندیخان بێت، ئەوان چوار جار سەگی بێلانەی ناوچەکەیان لە دەربەندیخان دوورخستۆتەوە بۆ دەرەوەی قەزاکە.

رونکردنەوەکەی قایمقامییەت ئەمڕۆ 8.4.2023 بووە.

مەترسیەکانی کاربەدەستانی دەربەندیخان، لە پێنج خاڵ خراونەتەڕوو.

دەڵێن، بەهۆی هاوسنووری قەزاکەیان لەگەڵ شارەکانی دیکە مەترسی هێنانی سەگی بێلانە زیاد دەکات، هاوکات هیچ کەس نییە سەرپەرشتی شێڵتەرەکان بکات، ئەمەش بەپێی رونکردنەوەکەی قایمقامییەت.
ئەوەش هاتووە، ئەو سەگانە دەبنە هۆکاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی بەهۆی نەبوونی دەرمانی پێویست، جگە لەوانەش نەبوونی پاسەوان و گرفتی نەبوونی خۆراک کێشەیەکی دیکەیە کە قایمقامییەتی دەربەندیخان وەک پاساوی دروستنەکردنی شێڵتەر دەیخاتەڕوو.

قەزای دەربەندیخان، لەرووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانیە، 67 کیلۆ مەتر لەو پارێزگایە دوورە.