لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێت

پێده‌چێت FBI هاككرابێت

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

تۆڕی هه‌واڵی  CNN ی ئه‌مریكی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کرد، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هاککردنی داتابەیسە نیشتمانییەکەی بۆ زانیارییە تاوانکارییەکان دەکات، کە وەک شادەمارێکی زیندوو بۆ بەستنەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لەسەر ئاستی فیدراڵی، ویلایەتەکان و ناوخۆیی دادەنرێت.

بە گوێرەی سه‌رچاوه‌كه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاککردنی “ناوەندی نیشتمانی بۆ زانیارییەکانی تاوان” (NCIC) -کە پێدەچێت لەلایەن هاککەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەنجامدرابێت، بە دووەم رووداوی لەو شێوەیە دادەنرێت کە لە چەند مانگی رابردوودا روویدابێت.

داتابەیسی “ناوەندی نیشتمانی بۆ زانیارییەکانی تاوان” لەلایەن دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەو زانیارییانە بەکاردەهێنرێت، کە پەیوەندییان بە فەرمانەکانی دەستگیرکردن و بەدواداچوونە ئەمنییەکانەوە هەیە.

ئاشکراکردنی ئەم هاککردنەی دوایی، لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی هێورکردنەوەی نیگەرانییە گشتییەکان سەبارەت بە ئاسایشی سایبەریی وڵات دەدا، ئەویش لە سایەی زنجیرەیەک لەکارکەوتنی بەرچاودا، کە چەند بانکێک، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی، سیستەمی کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی ئاسمانیی سەر بە ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵییان گرتەوە له‌ رۆژانی رابردوودا.