شەوی رابردوو چی روویدا؟
کوردستان شەوێکی تاریکی بەڕێکرد و ئەمریکاش پاڵپشتی بەغدا و هەولێرە
شۆڕش قادری
کوردستان شەوێکی تاریکی بەڕێکرد و ئەمریکاش بە بەغدا و هەولێر دەڵێت، پشتیوانتان دەبم، کورت و پوخت پێتان دەڵێین، شەوی رابردوو چی روویدا؛
دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، شەوی رابردوو هاوڵاتیانی زۆربەی شارەکانی کوردستان لەبەر چرا لامپا دانیشتن، لە هەولێری پایتەخت مۆلیدەکان هەڵکرانەوە بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە سلفیان لێ نەدا.
لە سلێمانی خاوەن مۆلیدەکان لەگەڵ قایمقام دوو سەعات دانیشتن بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن و خاوەن مۆلیدەکان وتیان تا غازی پێویستیان بۆ دابین نەکرێت، ئیش بە مۆلیدەکانیان ناکەن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “لەسەر بابەتی بودجە، گەیشتنە رێککەوتنێک کە موچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت”.
مەسرور بارزانی: حکومەتی عێراق وەک یەک هەرێم مامەڵە لەگەڵ تەواوی هەرێمی کوردستان دەکات و یەک بودجەی بۆ تەرخان دەکات.
مەسرور بارزانی: هەردوولا کۆکین لەسەر کۆتاییهێنان بەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر کێڵگە نەوتی و غازییەکان
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا کرد و رایگەیاند، تا ساڵی 2032 بەرهەمهێنانی نەوت دەگەیەننە 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق کرد.
مەسرور بارزانی: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی بەهێزی و یەکگرتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
مەسرور بارزانی: هەردوولا پێشوازیمان لە بەرەوپێشچوونی گفتۆگۆکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و حکومەتەکەی لە بابەتی یاسای بودجەی فیدراڵی کرد و بەهیواین لە زووترین کاتدا، رێککەوتنی نەوت و غاز بگاتە ئەنجام.
تۆم باراک خۆیشی لەسەر کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک هەناردەکردنی نەوت، موچە و داهات.
تۆم باراک: ئەمریکا پشتیوانی لە هەردوولا دەکات لەپێناو بنیاتنانی عێراقێکی ئاوەدان و خاوەن سەروەری.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە قسەی لەسەر ئێران و ململانێکانیان لەگەڵ تاران کرد و وتی، ئیسرائیل و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران دەپارێزرێن.
دۆناڵد ترەمپ: ئێران توانای بەرهەمهێنانی موشەک و درۆنی بەتەواوەتی کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا دەتوانێت ژمارەیەکی کەم لە ئاستێکی سنووردا دروست بکات.
دۆناڵد ترەمپ: ئێرانییەکان بە رێز و موحتەرەمانە گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن، هەرچەندە ئەگەری زۆرە شەڕ و پێکدادان کۆتایی بێت، بەڵام با بزانین چی روودەدات.
موحسن رەزایی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی ترەمپ و کارەبەدستانی ئەمریکای داوەتەوە و نووسیویەتی، “جەنگ دژی ئێران ئەمریکای بەرەو لەناوچوون بردووە، تەسلیم ببن و کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ساختانە بهێنن کە باس لە دانوستانەکان دەکەن”.
پۆلیسی هەولێر داوای لەو هاوڵاتیانە کرد کە دوای لافاوەکە تابلۆی ئۆتۆمبێلیان دۆزیوەتەوە، تابلۆکان رادەستی هیچ پەڕە و ئەکاونتێکی سۆشیال میدیا نەکەن.
پۆلیسی هەولێر: با تابلۆکان ببرێنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەشی پۆلیسی ونبووەکان، یان نزیکترین بنکەی پۆلیس و کەرتی هاتوچۆ، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.