نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
داوادەکات گفتوگۆکان ببرێتە ئەوێ
نێچیرڤان بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی
ئەحمەد مستەفا
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی پڕ لە ناکۆکی و ئاڵنگارییەوە روبەڕووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەم هەنگاوەی بە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی گفتوگۆ و نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دانا.
نێچیرڤان بارزانی لە راگەیەنراوێکدا کە ئەمشەو 4.11.2026 بڵاوی کردەوە دەڵێ، پەرلەمان دەبێت ببێتە شوێنی نوێنەرایەتیی ویستی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیش بەشدارییەکی کارای تێدا بکەن و ناکۆکییەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکەن.
سەرۆکی هەرێم هیوای خواستووە، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی بنبەستی سیاسی و کردنەوەی دەرگای هاوکاریی زیاتر لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا.
هەروەک داوای کردووە، سازان و هاوبەشی، رێگای سەرەکیی روبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکانن و پاراستنی سەقامگیری و دامەزراوەکانی هەرێمیش ئەرکێکی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی وەکخۆی؛
ڕاگهيهنراوێك لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەم. پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتيی ئیرادەی تهواوى خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسیيەکان بەشداريی کارای تیادا بکەن و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە؛ ناکۆکی و جیاوازیيەکان لەوێ چارەسەر بکەن.
هیوادارم ئهم ههنگاوه يارمهتيدهر و هاندهر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی زهمينهيهكى باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان ههموو لایەنە سياسييهکان.
دووپاتى دهكهمهوه كه گفتوگۆ، سازان و هاوبهشيى نێوان تهواوى هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن، سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/11/4