یەکێتی پیاوان وا دەڵێ:

569 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی و 57 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە

ئەحمەد مستەفا

یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ماوەی نێوان سەرەتای کانونی دووەم تا یەکەمی تشرینی دووەمی ساڵی 2026، لە هەرێمی کوردستان 569 سکاڵا و حاڵەتی توندوتیژی خێزانی، 57 حاڵەتی خۆکوشتن و 25 تاوانی کوشتن بەهۆی کێشە و ناکۆکییە خێزانییەکانەوە تۆمار کراون.

بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە 964ی وت،  ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی کێشە خێزانییەکان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

بەپێی لێدوانەکەی، قەیرانی دارایی، بێکاری و ناسەقامگیریی سیاسی لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانن، کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پەیوەندییە خێزانییەکان هەیە.

عەلی هۆشداریشی داوە کە ئەگەر چارەسەری جدی بۆ ئەم کێشانە نەدۆزرێتەوە، توندوتیژیی خێزانی و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە داهاتوودا زیاتر دەبن.